گوڵاڵە سدیق
گروپی بریكس بەیەكێك لە گروپە ئابورییە گرنگەكان دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهاندا، كە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزرا، هەریەكە لە وڵاتانی بەرازیل، روسیا، هند، چین و ئەفریقای باشور پێكهێنەری سەرەكی ئەم گروپەن. وە ناوی BRICS لە پیتی یەكەمی هەر پێنج وڵاتەكە بە ئینگلیزی پێكهاتوە.
لە ئێستادا نزیكەی ٣٠ ووڵاتی تریش داوایان پێشكەشكردوە كە بچنە ناو ئەو گروپەوە گرنگترینیان ئێران و سعودیەو ئیمارات و بەحرەین و میسرو جەزائیرە.
كۆبونەوەی داهاتوی ئەم گروپە لە كۆتای مانگی ئابی داهاتو لە ئەفریقای باشور دەبەسترێت بۆ بڕیاردان لەسەر شوێنگرەوەی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەكان، بەبیانوی ئەوەی دەوڵەتی ئەمریكا دراوی دۆلار وەك كارتێكی فشار بەرامبەر ئەو دەوڵەتانە بەكاردەهێنێت كە لە سیایەت و ئابورییدا لەگەڵ ئەمریكا پێكنایەن و یەك ناگرتەوە.
ئەم دراوە نوێیە پاڵپشتی تەواو دەكرێت بە زێڕو كەرەستەی تری گرانبەها، بەپێچەوانەی دۆلارەوە كە هیچ پاڵپشتیەكی زێڕی نیەو تەنها پشتی بە سەنەدی قەرزو سودی بانكی بەستوە.
خاڵە بەهێزەكانی ئەم گروپە:
ــ ئەم گروپە نوێنەری ٣٠% قەبارەی ئابوری جیهان و ٢٦% ڕوبەری جوگرافی جیهان و ٤٣% ژمارەی دانیشوانی جیهان دەكەن، بەرهەمێنی سێ یەكی دانەوێڵەن لە جیهاندا. ژمارەی دانیشتوانی ئەم ووڵاتانە ٣،٢ ملیارە، بەرهەمی ناوخۆیی ئەم ووڵاتانە ٢٣،٣% جیهانە.
ــ ئەم گروپە لە ئێستادا بانكێكی گەشەپێدانیان بە سەرمایەی ١٠٠ ملیار دۆلار كردوەتەوە كە بنكەی سەرەكی لە شاری شەنگەهای چینە، بۆ تەمویلكردنی بەردەوام و دروستكردنی پڕۆژەو بوژاندنەوەی ژێرخانی بنەڕەتی ئەو ووڵاتانەی دەبنە ئەندام لەم گروپە.
ــ لەناو گروپی بریكس هێزی ئابوری جیهان هەیە، لە هەوڵی ئەوەدان ببن بە جەمسەری بنەڕەتی ئابوری جیهان بەهۆی زۆری ژمارەی دانیشتوانی ئەو ووڵاتانەی ئەم گروپە پێكدەهێنن وە دەوڵەمەندی ئەم ووڵاتانە بە زۆرترین كەرەستەی سروشتی و هێزی پیشەسازی لە جیهاندا.
ــ چەندین ووڵات لەئێستادا لەهەوڵی ئەوەدان لەمامەڵە بازرگانییەكان یوانی چینی بەكاربهێنن، وە دەوڵەتی ڕوسیا لەهەوڵی فراوانكردنی ئەم بازنەیەدایە تەنانەت وڵاتێكی وەك فەرەنسا بەیەكێك لە دۆستە دێرینەكانی ئەمریكا دادەنرێت، لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ كڕینی غازی سروشتی، مامەڵە بە یوانی چینی دەكات لەبری دۆلار.
ــ بەهۆی ئەم هەوڵانەوە، یەدەكی نەختینیەیی دۆلار لە سندوقی نەقدی دەولی لەساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی ٨% دابەزیوە.
ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەم گروپە:
ــ سەرەڕای هەمو ئەو هەوڵانە هەتا ئێستا دۆلاری ئەمریكی لە جیهاندا بەڕێژەی ٨٤،٣% لەبازرگانیكردن لە ڕێگای سنورەكانەوە بەكاردەهێنرێت، وە بەڕێژەی ١٠٠% لە بازرگانیكردن بۆ نەوت بەكاردەهێنرێت.
ــ ڕێژەی ٥٨،٣٦% لە یەدەكی دراوی بیانی لە جیهاندا دۆلارە كە لە پلەی یەكەمدایە، لە پلەی دوەمدا یۆرۆ دێت بەڕێژەی ٢٠،٥%.
ــ سەرەڕای ئەو هەمو هەوڵ و تەقەلایانەی چین و ڕوسیا كە دەیدەن بۆ شوێنگرەوەی دۆلار، یوانی چینی تەنها ٢،٧% ئەو سندوقە پێكدەهێنێت لەئێستادا!