ڕەووف محەمەد ئالانی
(باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە شەرمنی ئەوەیە، لەبیرت بێت كە هەموو مرۆڤەكان یەكسانن - لاری كینگ)
شەرم حاڵەتێكی دەروونی تایبەتی دیارە، لەهەندێ كەسدا هەیە، یان كەسی شەرمن هەست بەنائارامی وشەرمەزاری وئاڵۆزی دەكات، هەر بۆیە ئەوكەسانە پەیوەندی كۆمەڵایەتیان لاوازە وتێكەڵ كەسانی ترنابن.
هەندێ كەس پێیان وایە شەرمنی نەخۆشیە، بەڵام پزیشكانی پسپۆڕئەو بۆچوونەیان پشتڕاست نەكردۆتەوەو بەنەخۆشی نازانن، تەنها وەك حاڵەتی دەروونی ئاماژەین بۆكردووە.
شەرمكردن لەسەرەتادا لەقۆناغی مناڵییەوە، دروست دەبێت، ئەویش بەهۆی چەند فاكتەرێك كە ئەمانەن:
١-هۆكاری بۆماوەیی: واتە بوونی حاڵەتەكە لەباوانەوەوگواستنەوەی بۆنەوەكانیان، لەبواری كۆمەڵایەتیدا زۆركەس دەناسین ودەبینین، كە كەسانی شەرمن و دوورە پەرێزن.
٢-مامەڵەی نادروستی دایك و باوك، وەك شكاندن وبێبەشكردن وترساندنی مناڵەكانیان، ئەمەش كارلەدەروونیان دەكات ودەبنە مرۆڤی شەرمن.
٣-كێشەوناكۆكی دایك وباوك(جێزانەكان)، كەمناڵەكە تووشی بێ ئومێدی ودڵەڕاوكێ دەكات، لەئاكامدا تووشی حاڵەتی شەرمكردن دەبێت.
٤-جیاوازی كردن لەگەڵ مناڵی تر، بەنموونە برا یان خوشكێكی تری هەبێت وهەست بەوە بكات، جیادەكرێتەوە، ئاكامەكەی تووشی بێزاری وڕقلێبوونەوە لەبەرامبەری دەكاتەوە و وەك گرێیەكی دەروونی لێی دەڕوانێت وتووشی شەرمكردن دەبێت.
٥-سزادان، هۆكارێكی ترە كە مناڵ دەكاتە مرۆڤی شەرمن، واتە مامەڵەیەكی ناپەروەردەیی ودوور لەهەست وسۆز.
٦-بوونی حاڵەتی تایبەت، وەك بوونی نەخۆشییەك یان لەدەستدانی ئەندامێكی جەستەی، ئەو مناڵە هەمیشە حەزبەشاردنەوەی ئەوحاڵەتە دەكات، بۆیە بە ناچاری شەرم دەكات.
زۆركەس پێیان وایە تاكە سوودی شەرمنی ئەوەیە تووشی كەمترین گرفت ئەبێت لەگەڵ كەسانی تربەهۆی كەم بەركەوتنی، هەندێكیش دەڵێن بەرنەكەوتنیش خۆی هەربەشێكە لەكێشەوگرفت.
وتەیەكی كۆنی ناو كۆمەڵگەی كوردی هەیە، بەڕای من زۆر ناشیرین ونەشیاوە، بەڵام من وەك بوونی و جۆری بابەتەكە ودەستنیشانكردنی وەك خاڵی لاوازلەسەر پەروەردەی خێزان و كۆمەڵگەی كوردی، دەیهێنمەوە، تا وازی لێبێنین وبەرامبەر هیچ كەس بەكاری نەهێنین، زۆربەمان بیستومانە كەدەڵێت:( كچی شەرمن شارێك دێنێت، بەڵام كوڕی شەرمن شانەیەك دێنێ)، جارێ ئەوجیاكاریە لەنێوان هەردووڕەگەززۆرخراپەوناكرێت بوونی هەبێت، لەلایەكی تریشەوە بۆئەم سەردەمی شارستانی وژیارییەی ئەمرۆكە دنیا هێندە بچووك بۆتەوە لەسەر شاشەی مۆبایلەكانمانە، بەدەر لەوەی جیاوازی رەگەزی جۆرێكە لە سەندنەوەی ماف وپێشێلی رەوایەتی ئازادییەكانی تاك.
شەرمكردن وجۆرەكانیمان ناساند، دەكرێ هەوڵی نەهێشتنی ئەو حاڵەتە دەروونیە بدەین وچارەسەری بكەین، چونكە مانەوەی گرفت وكێشە بۆ تاك دروست دەكات، تەنانەت، تارماییەكی ترسناكە بۆمرۆڤ، ڕۆماننووسی ناودار(گابرێل گارسیا ماركێز(١٩٢٧- ٢٠١٤) دەڵێت: شەرمنی ئەوتارماییەیە كە ناتوانرێت شكست بهێنێت.
ئەوكاتەی كە لەگەڵ مرۆڤ هەنگاوی ناوئەویش گەورەبوو، بێگوومان ناتوانرێت شكستی پێبهێنرێت، كەواتە كەی گونجاوە وبەچی چارەسەری بكەین؟
باشترین وكاریگەرترین ڕێگە بۆڕووبەڕووبوونەوەی شەرمنی، كاتی مناڵییە ئەویش لەڕێگەی پەروەردەوە دەبێت، بەم هەنگاوانە:
١-پەیوەندی هاوڕییەتی نێوان مامۆستاوقوتابی، كەدووربێت لە ترس ودڵەڕاوكێ، پڕبێت لە هەست وسۆز وخۆشەویستی.
٢-دروستكردنی كەشێكی گونجاوی پڕلە یاری وجوڵە.
٣-مامەڵە كردنێكی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، لەلایەن مامۆستاكانەوە.
٤-پڕۆگرامەكانی خوێندن بابەتی چیرۆك ئامێزی تیا دابنرێت، كە شەرمنی لەمناڵاندا بسڕێتەوەونەیهێڵێت.
٥-هەماهەنگی باش بكرێت لەگەڵ دایك وباوكی مناڵان بەگشتی وئەوانەی شەرمنن بەتایبەتی، تا لەڕێگەی پەروەردەیی و تایبەتەوە شەرمەكەیان نەهێڵرێت
٦-دروستكردنی پەیوەندیەكی هاوڕێیانەی پتەولە نێوان قوتابیاندا (بەشێوازی ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ).
چارەسەری هەموو كێشەوگرفتێك مەحاڵ نیە، بۆیە لەسەروەزارەتی پەروەردەیە، هەنگاو بنێت بۆئاوڕدانەوە لە حاڵەتی شەرمكردن ودانانی ڕێگەچارەی گونجاوی دروستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، تامناڵەكانی ئەم كۆمەڵگەیە ونەوەكانی داهاتو، لەجیاتی شەرم، توانای دەربڕین وڕووبەڕووبوونەوە ولەجیاتی ترس ئازایەتی و لەجیاتی شەڕ، تۆوی ئاشتی لەناخیاندا بچێنین وگوڵی جوانی كامەرانی لە داهاتوودا ببینین.
ئەوەی گرنگە بۆهەنگاونانی چارەسەركردنی شەرمكردن، پێویستە لە سەرەتاوە لەمناڵیدا كاریان لەسەر بكەین، چونكە تەمەنی مناڵی ئەو تەمەنەیە مرۆڤ شەرم لە شكست ناكات، هەمیشە درێژە بەویستاكانی دەداتەوە وبەردەوام دەبێت.
ئەوەتا (مالكۆم ئێكس سیاسەتمەدار ١٩٢٥ - ١٩٦٥) دەڵێت:( دەبێت لە منداڵان فێربین شەرم لە شكست نەكەین و هەستین و یاریەكە دووبارە بكەینەوە).