زانكۆ سەردار
سبەی 21ی تەممووز یادی تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمەیە، هەموو ساڵێك كە 21ی تەمووز دێتەوە لەبری بەدادگایی گەیاندنی بكەرانی تیرۆركردنی ئەم رۆژنامەنوسە گەنجە، رۆژێكی رەشی دیكە دێتەوە سەر رۆژمێری ساڵەكانی رۆژنامەنوسان، ئەو رۆژنامەنوسانەی نەیانویست و نەیانتوانی درۆ لەگەڵ خۆیاندا بكەن و چاو لە هەقیقەتەكان بنوقێنن.
ئەمڕۆ 20ی تەمووز، رۆژێكی دیكەی رەش لە رۆژمێرەكەمان، ئەمڕۆ رۆژی شێروان و سبەی رۆژی سۆران، خوادەزانێت دووسبەی رۆژی كاممانی دیكە دەبێت؟ خوا دەزانێت دووسبەی 22ی تەمموزی هەر ساڵێكی دیكە دەبێتە رۆژژمێرێكی رەشی دیكە؟
ئەم هەرێمە بچكۆلەیە، چاوی هەموو دونیای لەسەر جگە لە چاوی خۆمان، هەموو دونیا نرخ و بەهای دەزانێت جگە لە خۆمان، ئەم هەرێمە بچكۆلەیە سەردەمانێك لەپێناو ئازادیدا چقڵی چاوی دووژمنانی بوو، رۆژەڵەكانی ئەم هەرێمە لە پێناو ئازادیدا هەمووان بەدەنگی بەرز بیریان دەكردەوە و هەمووان كونجەكانی زیندانیان پڕ كردبوو لە تەمەنی جوانیان گۆڕستانەكانیشان پڕ كردبوو لە لاشەی سەراپا جوامێرییان، بەداخەوە ئەمئێستاكە، لەم هەرێمە جوامێرەدا ناتوانین بە بێدەنگیش بیربكەیتەوە، ناتوانین وەك ئەوەی هەیت و وەك ئەوەی دەتەوێت بژیت.
كێ پێی وایە هیچ زەمەنێك هێندەی ئێستا ئەم هەرێمە بێكەس بووە؟ ئەم شەقامە دڵپڕە بێكەس بووە؟ ئەمئێستاكە ئەم هەرێمە وەك تۆپێك لەنێو قاچی هەزاران یاریزانی یاری نەزانەوە تێی هەڵدەدرێت، وەك منداڵێكی هەتیو، هەزاران باوكی لە نەبووی هەیە، ئەم هەرێمی وەك كیژۆڵەیەكی نازدار، هەزاران چاوی برسی تێبڕدراوە و هەریەكە و لە جێگەیەوە جرنوكێكی لێدەگرێت و دواتریش جێی دەهێڵێت.
مرۆڤ هەتاوەكو بە بێدەنگی بیربكاتەوە، هەتاوەكو لە باوكی نەبووە وە هەزاران باوك بۆخۆی قود بكاتەوە، ئەوا رۆژژمێری رۆژە رەشەكان هەتاوەكو دێ زیاد و زیاتر دەبێت، نەك تەنها 20 و 21ی هەموو تەمووزێك، بەڵكو مانگەكان دەبنە تەمووز و رۆژژمێرەكانیش رەش و رەشتر دەچنەوە.