سامان ساڵح فەرەج
هەر بەڕێزێك قسە، شیكردنەوە، بەشدارییەكی لەبارەی دۆخی ئێستای دەرفەتی كار و كارامەیی لاوان بكات، زۆر گرنگە كە چەند بنەمایەك لەبەرچاو بگرێت، وەك:
1- سیاسەتی گشتی حكومەت، بۆ دروستكردنی كار و دەرفەتی كار، كە ئەمە ئەركی حكومەتە، واتە؛ حكومەت چۆن كار بۆ لاوان دابین دەكات، یان دەڕەخسێنێت؟ ئەو بنەما و بەهایانە كامانەن كە لەم بوارەدا لەلایەن حكومەتەوە كاری پێدەكرێت؟ ئایا حكومەت لەڕێگەی كێ و چۆن كار دابین دەكات؟ ئایا لە بنەڕەتدا كار لەلای حكومەت بەشێكە لە بەها یان بەشێكە لە ستراتیژی رزگاربوون لە رەخنە و داواكاریی و سیاسەتی دەنگكڕین.
2- لەبەرچاوگرتنی ژینگەی كۆمەڵایەتی و ئەو كاریگەرییە فرەلایەنانەی ئەمڕۆ بوونەتە پێوەری هەڵسەنگاندنی كار و بایەخی كار لەلای لاوان، كە ئەم لایەنە بەشدارییەكی كارایی لە دروستكردنی كارامەییەكانی لاوان هەیە، واتە؛ گەنجی ئەمڕۆ چی بە "كار" دەزانێت؟ چۆن لەكار دەڕوانێت؟ چۆن خۆی بۆ ئامادە دەكات؟
3- لەبەرچاوگرتن و تێگەیشتن لە چوارچێوە پەروەردەیی و فێركارییەكە، ئەو جیاوازیی و كێبڕكێ و كێشانەی كە لەنێوان زانست و پێوەرەكانی بازاڕدا هەن، جیاوازییەكانی نێوان كولتوری و بەكارهێنان و كولتوری زانستی چین؟
4- بەهەند وەرگرتنی چوارچێوە قانونییەكانی رێكخستنی كار و مافی كرێكار، ئەمەش بنەمایەكی گرنگی پاڵنەرە بۆ؛ دروستكردنی كار، دەرفەتی كار، كەرت و بواری كار، پاراستن و رێزگرتنی كەرامەتی كرێكار و كاری شایستە (عمل اللائق).
بۆیە تۆمەتباركردنی یەك پێكهێنەر یان یەك لایەنی چوارپێچكەی ئەم پرۆسەیە، زۆرتر لە بانگەشەی راگەیاندن وسەركۆنە و ئامۆژگاری خێزان و دڵسۆزان دەچێت، كە كۆمەڵگەی نازانستی پشتی پێدەبەستێت، چونكە قسە فڕێدان كارێكی ئاسانە، بەڵام كاركردن، سەرقاڵی و بایەخی دەوێت، خۆ ئەگەر ئەم نەوەیە تۆمەتباربن بەوەی ناتوانن كاربكەن، ئەوا پێش هەموو كەس سیستەمە سیاسییەكە لێی بەرپرسە، بێگومان بە لەبەرچاوگرتنی كاریگەرییە بان سنوورییەكانی تەكنۆلۆجیای نوێ.
*راهێنەری بەكارخستن و دامەزراندنی پڕۆژەی بچووك