وتار

مادەی هۆشبەرو ئاماژە مەترسیدارەکان!

دڵشاد ئەنوەر

لەهەندێک وڵاتی پێشکەوتوو سەرۆک وەزیران خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر دەکات، لەهەندێک وڵاتی تر ئەم پرسە سپێردراوە بە کاربەدەستی باڵاو هەموو جۆرە ئیمکانیەتێکی مرۆیی و هێز و ئابووری خراوەتە بەردەست، تا وڵات دوور بێت لە مەترسی مادەی هۆشبەر لەسەر کۆمەڵگا کە هیچی لە “تیرۆر” کەمتر نییە.

هەندێک وڵاتی تر، بەپارەو هەماهەنگی سیاسی و ئابووری و ئەمنی دڵی وڵاتە دراوسێکەی ڕادەگرێت کە مادەی هۆشبەری تێدا بڵاوە،  تا لە شەڕی مادەی هۆشبەر بیپارێزێت و هاوکاری بکات بۆ ڕێگرتن لە پەڕینەوەی مادەی هۆشبەر بۆ نێو وڵاتەکەی.
ئێستا دۆخی عێراق لە ڕووی مادەی هۆشبەرەوە خەریکە لەدەست دەردەچێت و گروپ و عەشیرەتەکانیش دەستیانداوەتە بازرگانیکردن پێی. هەرێمیش سەرەتای مەترسییەکانی پێگەیشتووەو ڕێوشوێنی جدی نەگیرێتەبەر، دۆخەکە لێرەش خراپتر دەبێت، بەتایبەت ئەم ناوچەیە ترانزێتی پەڕاندنەوەی مادەی هۆشبەرە.

لەکاتێکدا خەریکە لێشاوی مادەی هۆشبەر پێماندەگات و پێشبینی دەکرێ دۆخەکە چەند ساڵێکی تر زۆر خراپتر ببێت، حزبەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بێزراوتر دەبن و خەریکی چنینەوەی دەستکەوتن. حکومەت سەرقاڵی ئاهەنگگێڕانی سەرکەوتنی بێ دەستکەوتە. پەرلەمانتار سەرقاڵی قیڕو قاڕو موزایەدە و میدیاش بە کۆمەڵ لەسەرەدایە تا قسەی قەرزارێک یان خاوەن قورزێک بگوێزێتەوە.

ڕۆشنبیرانیش وێڕای پەرتبوون و کەرتبوون، دەستبەرداری چەلەحانێ و شەڕە دەم نابن و ئەرک و مەهامە گەورەکانیان لە بیر کردووە، مەلاش هەر خەریکی باسکردنی قوربانی و حەڵاڵ و حەرامی هێنانی ژنی دووەم و سێیەمەو خۆی لە کیشە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگا نادات.

پلەدارێکی باڵای ئەمنی ئەمڕۆ لەسەر مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر قسەی لەگەڵ کردم، مەترسییەکان زۆر لەوە گەورەترن کە ئێستا لەسەر ئاستی چین و توێژەکان بە خەمساردییەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەتایبەت تێگەشتم حکومەت پلانی جدی نییەو ئەوەی دەکرێت هێزە ئەمنییەکان خۆیان بەو ئیمکانییەتە کەمەوە پێی هەڵدەستن.

دەپرسم، چەند کۆبوونەوەی باڵای ئەمنیتان بینیووە لە میدیاکان پیشاندرابێت و پلانەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر بۆ ڕای گشتی خستبێتە ڕوو، لەکاتێکدا بە پێی یاسا دەبێت مانگانە کۆبوونەوە بکرێ؟

سەنتەری چارەسەرکردنی ئالودەبووانی مادەی هۆشبەر لەکام ناوچە کراوەتەوە؟ لە کاتێکدا هەندێک لەوانەی گیراون و مادەیان لێبڕاوە، دەرگای زیندانیان شکاندووەو سەریان کێشاوە بەدەرگاداو بە جامی پەنجەرە جەستەی خۆیان شەقارشەقار کردووە!
لە وڵاتانی پێشکەوتوو ئالودەبوو وەکو نەخۆش سەیر دەکرێت و کار بۆ چارەسەرکردنی دەکرێت نەک وەکو تاوانبار، ئەوەی وەکو تاوانبار سەیر دەکرێ ئەو بازرگانە داماڵراوانەیە لە ڕەوشت کە بۆ پارە کۆمەڵگا هەڵدەتەکێنن و گەنجان گیرۆدە دەکەن.

ئەی پلانی ورد بۆ دەستگیرکردنی کام پلەدار و دەسەڵاتدار دانراوە کە بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکات و  نەک کۆمەڵگا تێکدان، بۆ پارە ئامادەیە لەشی خۆشی بفرۆشێت؟

هێشتا مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر لە قۆناغی سەرەتادان، گەر بەری پێنەگیرێت، شتێک نامێنێت بەناوی سەقامگیری و بازرگانەکان دەبنە باند و ڕووبەڕووی هێزی ئەمنی دەبنەوە. 

خێزان هەڵدەتەکێن و هەر ماڵێک ئالودەبوویەکی تێکەوت، ژیان لەو ماڵەدا نامێنێت، شتێک نامێنێت بەناوی ڕەوشت و تایبەتمەندی خێزانی و ئالودەبوو هەمووی هەڵدەتەکێنێت، کۆمەڵگا دۆخی بزێوی لەدەست دەدات و دەبێتە کۆمەڵگایەکی شەکەت و داغان.
بۆیە لە ئێستاوە ئەرکی مەلایە گرنگی بەم بابەتە بدات، کاری میدیایە خەڵک هۆشیار بکاتەوە، لەسەر ڕێکخراوەکان واجبە دەستبەرداری دیبەیتی ناو هۆتێل و وێنەگرتن ببن و لەم پێناوەدا درێغە نەکەن.

واجبی ڕۆشنبیرانە واز لە خەیاڵی گەورەی ناواقعی بهێنن و کۆمەڵگا لەم مەترسییە گەورە دەرباز بکەن، ئەرکی پەرلەمانتارانە واز لە لایڤی راستەوخۆی ناوپەرلەمان بهێنن و بەجدی بۆ ئەمە بێنە خەت.

لەهەمووی گرنگتر،  حکومەت و حزبەکان، کە هێچ دەردە سەرییەک نەما بەسەری کۆمەڵگادا نەیهێنن و لە پێناو بەرژەوەندی کەسی و حزبی، بەدرێژایی 30 ساڵە سەرقاڵی شەڕە دەنوک و تیکشکاندنی دەروونی کۆمەڵگان، ئەمجارە ئەرکیانە پێکەوە و راستگۆیانە لەسەر ئەم مەترسییە گەورە بجوڵێن.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 136‌
7/15/2023 3:40:32 PM
زیاتر...
هەندرێن شێخ راغب
فارس نەوڕۆڵی